لە خۆم نامۆ
لە خۆم نامۆ
من سەرقافڵەی کچانی پاییزبردەڵەی نیشتمانێکم
ئەوەی لێم ون بووە ، ئەشقە و
ئەوەی لێم تێک چووە ، ناونیشانی پەنجەکانن
لە چاوترووکانی ئاسکە سرکەکانی پێدەشتی ئاسمان دا
دەبمە شەوارەی سوێی خەیاڵێکی یاخی و
لە خشپەی ئەم خەزەڵوەرە دا
گەڵا گەڵا هەنیسکی زەردم ...
خۆزگە بتزانیایە تۆ چ نیشتمانێکی و
من کچە گەڕۆکی لانەوازی بێ وڵات ...
گەر گوڵپەڕی تەڕی حەزت
بە هاڵاوی پەنجەم خۆ کۆ بکاتەوە ،
تاڵ
تاڵ
چاوەڕوانی لە ڕۆحم دەرئەکێشم و
ئەسپێرم کزە با هەڵمپروێنێ و
باویلکەکان لەم وڵاتەم دوور کەنەوە
کە چیتر دەستی خەیاڵت نەمگاتێ...!
٢٦/٨/١٣٩٠
+ نوشته شده در سه شنبه ۱۳۹۰/۰۹/۲۲ ساعت توسط تاڤگە
|