بەشێک لە من...

بەشێک لە من لە شوێنێک ون بووە
دوور کەوتۆتەوە لە خۆم و
هەنگاوی ناگاتە ئەو زایەڵە سەوزانەی لێم وەرین،
کەوتنە ژێر پێی پاییز و شەتاو بۆ عەدەمی بردن!
بەشێک لە من لە شوێنێک وەیلانە،
سەرەندەری هیچ ناونیشانێک ناکا،
بێ نیشتمانە و بێ دەرەتان!
بەشێک لە من نە خۆمی دەوێ نە خاکم نە خودام!
بەشێک لە من نامۆیە لە هەموو جیهان و
سەرەڕۆیە بەرەو شوێنێکی نەبوو!
بەشێک لە من حەزێکە بۆ دۆزینەوەی بەشە ونبووەکانم
بیانبەمەوە بۆ نیشتمان
دەستیان بگرم هەنگاو بنێن
بیاندوێنم شێعر بڵێن
پێیان بڵێم ئارام بگرن،
ئەرخەیان بن
چیدی ناهێڵم وەیلان بن!

 

پووشپەڕی ١٣٩٧