باوان

 

کە قاقڕ بوو پێدەشتی هەست

شەونمی خەیاڵت کەرەمی ئەکرد.

خەم خۆی لە نووکی خامەم ئەسوو و

سڵی ئەکرد لە وشەی "تۆ" ،

ئەبوویتە یەکەم بزەی ئەوینی ئەو گەرمە شارە؛

سروەیەکی ساکار بووی و

شنەیەکی شەویار !

رۆحی غەریبت تەشەنەی ئەکردە وجوودی ئاشنام و 

من ئاشقی خانە خۆڵەمێشییەکانی مێشکت ئەبووم!

هەنووکە ؛

شێواوە گەردوون!

ئاسمان لێڵ و

زەوی سوور!

ژیان چۆڵە لە بزەی سەوز و

روو ناکاتە چ دڵێک، هیوا!

قەیران دوای "ئاو" ، ئەوینە بەڵام

بوونت ئیلهامی ئاشتی و ئازادی یە،

بژی باوان!

لە هەرای ئەم دۆخە شپرزەدا

من دڵنیام ،

تۆ بە ڕەچەڵەک ئەچیتەوە سەر کۆتر و

سەر ئاونگی کازیوەی گوڵاڵەی کوێستان!

گومانی حیلەی ئەسپە وەحشیەکان لە دەنگت ئەکەم،

سنگت بیری نیشتمانم ئەخاتەوە و

دەستت بیری خۆم!

کوانووی سۆزی نیگات لە چاوی لاس و مەم ئاو ئەخواتەوە

ئەڵێی هەر لە ئەزەلەوە "باوان" بووی، باوانەکەم!