دایخورپێنە
دایخورپێنە
١.
کەی دێی ...؟!
کە پاساریەکانی ئەم شارە
هەموویان جگەرە بە لێو و
شنەش سک پڕی ڕەشەبایە.
پڕتەقاڵی نەخۆشم
سەوز وەرە ،
کە مداڵی گەردنی گەڕەکی ئەوانێک ئاوا
بێ نازترە لە تریفەی شەوەزەنگ !
٢.
چیتر پێویست ناکا شاعیر بی
بوونت ، درێژترین قەسیدەیە
کە تۆ یانی
دەرچوونی ڕۆح
لە سەرپەنجەکای موچڕکانی لەززەتەوە
دەستت یانی
پووچەڵ بوونەوەی چی فەلسەفەی دوگمەی داخراو
بزەت یانی
داڕمانی وەحشی ترین من
لە دەستەمۆترین فرمێسکە حەزدا
ئیتر من چ پێویستم بە زایەڵەی سەوزە ،
کە ژیان تۆی !
٣.
کە بزە قەرزداری تۆیە و
من ناگەمە سێبەری خۆم ،
کام نیشتمان لە خۆمان گرێ ؟
دایخورپێنە ...
نیشتمانی پەپوولە چاوەڕێمانە !
٨/٤/١٣٩٠