"من" ێکی تر
"من" ێکی تر
حەسرەتێک لە بۆنی تۆ
لە مندا پەنگ ئەخواتەوە
گڕ ئەگرێ لە لێومدا و
لە چاومدا رەهێڵەیە!
کە من ئیمانم هێنا بە شینی ئاسمانی شین
بە رەهێڵەی شەقامی شێت و
بە شپرزەیی دڵێک کە بۆ تۆی لێ ئەدا؛
ڕێز گرە باوان...
کەم دڵۆپە وردیلانە خوێناوی دڵ و هەناوی لیخنمە!*
بێ تۆیی حەزێکە لە گورگی دەروونم دا
ئەلوورێنێ و بەرخی دڵم هەراس پێ دێنێ ،
ئەیکاتە کۆترەشینکەیەک...
پۆستەچی نامەکانت!
کە تۆ باوان ترین گراوی ئەم دەڤەرەی
من تەنیاترین مرۆڤی سەر زەویم ،
ئەفسانەیەکم بە دەست با و نیشتمانەوە
لە ماڵاواییتا فرمێسکێک بووم بە گۆنای حەسرەتمەوە
"ئاخ" ێک بووم بۆ پەنجەیەک بمسڕێتەوە...
من لە تاسەی هەناسەی سەوزتا
پاییز پاییز هەڵوەریم...
من پیر بووم
لە حەزی پڕ ئۆقرەترین سووچی ئامێزتا، باوان!
خودا لەعنەتم لێ کا** ، کە لە مەستیت دابڕام!
خودا لەعنەتم لێ کا ، کە هەناسەت کەسیرە بوون!
خودا لەعنەتم لێ کا...
ڕێبەندانی ١٣٩١
*بەشێک لە شێعرێکی حسەین پەناهی
** کاریگەری شێعرێکی بەختیار عەلی پێوە دیارە