وەریوم

 

لە ڕووتی جەستەمدا

وەک هاڵاوی ودمی هەناسەیەک

بە ئاوێنەی تەمەننایەکەوە

ئەبمە تەم و

پڕ ئەبم لە سکاڵای

(گەر شەرم قولاپەی خولیام بەردا) ماچ و

(گەر بەری نەدا)، سێ خاڵ ... !

کە تۆ ناسکترین کارەسات بی ،

من گوناحترین فرمێسکی سەرگۆنای حەسرەتێکم و

بەزەییم دێ بە لاوەتییەک

کە لە ڕاستەی شەقامی وەرزی غەمگین

هەر هەناسەی سارد و خشپەی زەرد و

شەوە بارانیش ، خەیاڵم پەلکێشی

حەوتەمین قاتی بێتاقی بێ تاقەتی ئاسمان ئەکا .

لە ژووری من تا ئەو پەڕی شەقامی بوونت

مەودایە چەند گەڵا و

                        نامە و

                              پرووشە ماچ و

قەتم مەودای خشپە و وشە بە لێو نەبڕیوە

پەپوولە لە دڵما تینووە ،

چەکەرەی نیگات لە چاوما سەوز نابێ و

کە نازانم

بەکرەی میرگەوەرت بۆ لە سێدارەی کام متمانە بەم ،

تکایە ، تۆ لێم مەپرسە :

                               "خانم نازت بە چەندی؟"

 

25/7/90