هەندێک جار...

 

هەندێک جار

هەندێک وشە لە چەشنی ترپەی ناسکی دڵی ئاو

دەستەمۆ نابن

بۆ رووبارە حەزێکی سێل ئاسا ،

پڕ بە هەناسە نوقمم

پڕ بە نیگا قەتیسم

پڕ بە سەفەر دوورم

لە تۆ ،

 لە زایەڵەی ئەوین !

 

حەزرەتـــــــــــی باوان !

هەندێک جار

کەروێشکە خەوێک ئەمبــــــــاتەوە

تا نادیاری خەونەکانت

لە گەنمەجاڕی سنگتدا و

باسکت پەرژینی خولیامە ،

دە تۆش ڕامەچەنە !

کە چیتر پەپوولە وێڵەکانی بێ تۆییم

لە پێدەشتی خەونەکانتا ون نەبن.

هەندێک جار

بێ هەناسە و بێ سانەوە شێعر ئەگریام و

کــــــــات ، لۆق درێژترین بیرەوەری بێ تۆییم بوو ...

هەندێک جار

هەودای دوایین هەناسەت

گرێم ئەیا بە ئیقلیمی وەهم و پووچ

هەندێک جار 

لە تۆدا چەند زوڵاڵە مەرگ!!

١٣/١٠/١٣٩٠