یادێک لە گوڵە زەرد و سوورەکانی سڵێمان بەگی بانە

 

بێگومان هونەری وەرگێڕان یەکێکە لە سەرەکیترین کۆڵەکەکانی ئەدەبیاتی هەر نەتەوەیەک و دەرفەتێکە بۆ ناسین و ئاوێتە بوون لەگەڵ ئەدەبیاتی دیکەی میللەتان. دەلاقەیەکی ئاوەڵایە بۆ ڕوانینێکی بەرین لە پێدەشتی ئەدەب و فەرهەنگ و  مێژوویان. ئەو گەلە گرەوی خۆی ئەباتەوە کە بۆ ڕوانین لە کلتوور و ئەدەب و زانستی و دەسکەوتی هەر کۆمەڵگایەک، لەو دەلاقە ئاوەڵایەوە هەلەکان بقۆزێتەوە و نەتەوەکانی تریش بە هەمان شێوە سوودمەند بن لە هەرشتێک کە  پێناسەیە بۆ مێژوو و ئەدەب و زانست و لایەنەکانی پێشکەوتنی.

دوکتور ئیبراهیم خانی یوونسی...

کەڵەپیاوی پانتای وەرگێڕان. وەرگێڕ و نووسەری بلیمەت و لێهاتووی کورد. ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە شارە جوانەکەی بانە لە دایک بوو. بە وتەی خۆی ئەو بەروارە زۆر راست نیە و "بەهۆی ئەوەی کە ناسنامە درەنگ هاتە کوردستان، وەک هەموو شتێکی تر..." ناوبراو پێی وایە تەمەنی چەند ساڵێک زیاترە لەوەی وا تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە بانە تەواو ئەکا و بڕوانامەی دواناوەندی لە سەقز وەرئەگرێ. ساڵی ١٣٢٢ ئەچێتە تاران و قۆناغێکی نوێی خوێندن لە زانستگەی ئەفسەری ئەزموون ئەکا. ساڵی ١٣٢٨ لەگەڵ خاتوو رۆزا گوڵپاشی ژیانی هاوبەش پێک دێنن و بەری باخی ژیانیان سێ کچ و کوڕێک ئەبێ.

دوکتور لە ڕاهێنانی سەربازیدا بە هۆی وێکەوتنی گوللە، قاچێکی لەدەست ئەیا و هاوکات لەگەڵ کاری نیزامی، لەتەک هاوقەتارەکانیا چالاکی ئەدەبی ئەبێ و درێژە ئەیا بە ڕێچکەی سەغڵەتی چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی. بەهۆی باروودۆخی سیاسی ئەوکاتەوە ئەگیرێن و دوکتور حوکمی سێدارەی بۆ دەرئەچێ بەڵام بەهۆی ئەوەی کە قاچێکی لە خزمەتی سەربازیدا لەدەست داوە، حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەبەد ئەگۆڕدرێ. ماوەی هەشت ساڵ لە تەمەنی زێڕینی لە زیندان تێپەڕ ئەبێ. هاوکات لەگەڵ ڕیفۆرمی سیاسی و گۆڕانی باروودۆخی ئەوکات، لە زیندان دێتەدەر و قەڵەمی لە جاران یاخی تر و بەهێزتر دێتە گۆ. شایانی باسە کە ئەو قەڵەمە لە جەغزی دیل بوون و لە ئاپۆڕەی مێڵە و کوت و بەند و نەڕە و زرمەشدا، نەسرەوت و هاواری خۆی گەیاندە تامەزرۆیانی بواری نووسین و چ خۆش چریکەیەک بوو "هونەری چیڕۆک نووسی" کە لە رۆژانی زینداندا هاتە بەرهەم و دواتر چاپ و بڵاو بۆوە و تا ئێستا هەشت جاری دیکە چاپ بۆتەوە و سەرچاوەیەکی بەهێز و پڕبایەخە بۆ ڕێنوێنی کەسانێک کە هۆگری نووسین بە گشتی و ڕۆمان و چیڕۆک نووسی بە تایبەتین. برایم خان لە زیندان فێری زمانی ئینگلیزی ئەبێ و هەر لەوێ بە پێشنیاری کەسانێک وەک سیاوەش کەسرایی دەست ئەداتە وەرگێڕانی کارەکانی چاڕڵز دیکێنز.

دوای ئازاد بوون لە زیندان درێژە بە خوێندن ئەیا و بڕوانامەی دوکتۆرای ئابووری لە زانکۆ سوربونی فەڕانسە وەرئەگرێ. ساڵی ١٣٥٨ ئەبێت بە پارێزگاری کوردستان بەڵام دوای چوار مانگ واز لەو کارە دێنێ. لە تاران نیشتەجێ ئەبێ و درێژە بە کار و چالاکیەکانی ئەیا. دوکتور یوونسی سەرەڕای ئەوەی کە لە نیشتمانەکەی دوور بووە هەر دەم دڵی لای نیشتمان بووە و هەموو هەوڵ و ساتەکانی تەرخانی خزمەت بە گەلەکەی کردووە. ئەمەگداری ئەو بە خاک و ئاوی خۆی، بەو بابەتانەیا دەرئەکەوێ کە بۆ وەرگێڕان هەڵیبژاردوون. وەرگێڕانی "گەشتێک بە کوردستانی تورکیەدا" لە نووسینی شێری لەیزێر، "مێژووی هاوچەرخی کورد" لە نووسینی دەیوید مەک داوڵ، "کۆمەڵناسی خەڵکی کورد" لە نووسینی مارتین وان بروویین سێن و چەنها کتێبی لەو شیوە سەلمێنەری هەستی ئەمەگداری و نیشتمان پەروەری کەسێکن بە زێدی خۆی. نزیک یانزە ڕۆمانی لە پاش بەجێ دەمێنێ کە بەشی هەرە زۆریان ئاوێنەیەکن لە ڕەنگدانەوەی ژیانی تەژی لە ژانی مرۆڤی کورد. نموونەیەک لە ڕۆمانەکانی بریتین لە: دادە شیرین، دایکم دوو جار گریا، کڵاو لار و قەرەج، زستانی بێ بەهار، گۆڕستانی غەریبان و هتد. بە دەیان( نزیک هەشتا) کتێبی وەرگێڕدراویشی لە پاش بەجێ دەمێنێ کە ئەوانیش نوێنەری بیر و بڕوا و ڕوانینی دوکتور یوونسین لەو شتانەی وەریگێراون. دیارە کە داڵغەی سەرەکی ژیانی ئەو کەسە بابەتی وەک مێژوو و خەبات و ژێردەستی و ئازادی بۆ هەموو مرۆڤێک بە گشتی و بۆ کورد بە تایبەتی بووە. جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ئەم دەرفەت و پانتای کاغەزەم بە کەم زانی بۆ ناو بردن و ناساندنی کارەکانی دوکتور ئیبراهیمی یوونسی. هەر بۆیە کتێبێکتان پێ ئەناسێنم بۆ ئەو کەسانەی کە حەز ئەکەن بە شێوازێکی چڕ و پڕ  لەسەر ژیان نامە و کارەکانی مامۆستا بخوێننەوە:

مرادی – محمد رئوف ، زندگی‌نامه و خدمات علمی و فرهنگی دکتر ابراهیم یونسی ، نشر تهران ، ١٣٨٦

 

ساڵی ١٣٨٨ تووش نەخۆشی (ئالزایمێر) ئەبێ. لە گفتووگۆیەکدا ئاوا ئەدوێ: " من پارەی دەوا و دەرمان لە دەرەوەی وڵاتم نیە ، بەس مووچەیەکی فەرمانبەری ئاساییم هەیە" مخابن ...!

 

رۆژی گەشاوەی ژیانی لە ئاسۆی سووری ماڵئاوایی دا شەوق ئەداتەوە و دوایین تیشکەکانی لە ١٩ی ڕیبەندانی ١٣٩٠ دا لە ئامیزی چیاکانی تا هەتەری چاو، بە ئۆقرەیەکی هەتایی ئەگا.  تەرمی خەمڵاو بە غەم و پەژارەی هاوزوبانان و هۆگرانی، رۆژی ٢١ی ڕێبەندان لەسەر وەسیەتی خۆی دێتەوە بەرەو بانە. لە نێو ئاپۆرەی لاوانی ئەمەگدار و لە تەمی ماتەمین دا  ئەسپەردە بە خاکی نیشتمانی ئەکەن. بەسەر حەشیمەتێکی کەم وێنەی دەستی پێزان، ئەبێتە شاگوڵی گوڵە زەرد و سوورەکانی سڵێمان بەگی بانە. سەری ڕێز و نەوازش دا ئەنەوێنین بۆ " دوکتور ئیبراهیم یوونسی" بوونیان... یادیان بەرز و پیرۆز، رۆحیان شاد